rojjimer

Saturday, January 20, 2007




بۆ یادی کۆماری کوردستان

هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌ن چه‌ندین ڕۆژی مێژوویی و گرنگن که ‌به‌رده‌وام ده‌دره‌وشێنه‌وه...
گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش خاوه‌نی وه‌ها ڕۆژو ساڵگه‌لێکی پڕ بایه‌خ و گرنگن و تا هه‌تایه‌ تیشک ده‌هاوێژن ‌و گه‌ل سه‌ربه‌رزه ‌پێیان.
یه‌کێک له‌و ڕۆژه‌ پڕ شانازییانه‌ی گه‌لی کوردو به‌ تایبه‌ت حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران،‌‌2ی ڕێبه‌ندانی ساڵی 1324 هه‌تاوی به‌رامبه‌ری 1945م‌یه,‌ که‌ کۆماری کوردستانی تیا دامه‌زراند و بۆ یه‌که‌م جار کورد بوو به‌ خاوه‌نی حکومه‌ت‌و خۆ ده‌سه‌ڵاتی ‌و له ‌ژێر ناوی کۆماری میللی کورد له‌ مهاباد نه‌خشی به‌ست. هه‌رچه‌ند ئه‌و کۆماره‌ ماوه‌ی که‌متر له ‌ساڵێک ته‌مه‌نی بوو به‌ڵام له ‌زۆر ڕووه‌وه‌ له‌و ماوه‌ی کورته‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا له ‌شێوه‌ی ئیداره‌کردن‌و تێکۆشانی تا ئێستاش جێگای شانازی ‌بووه‌و تێڕامان ‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌کی پێویستن.
جێگای تێڕامانه ‌له‌ لایه‌که‌وه‌‌؛ له‌و سه‌رده‌مه‌داو له ‌ناوچه‌یه‌ک که‌ پێشتر زۆر ناوبانگی نه‌بوو له‌ ژیانی سیاسی ناوچه‌یی و شۆرشدا و پێشینه‌ی خه‌باتی به‌رچاوی به‌ خۆوه‌ نه‌دیبوو له‌ ناکاو به ‌هۆی پێکهاتنی کۆمار له‌و شوێنه‌ ئیتر شانازی پێ بڕاو بۆ هه‌موو کوردان بوو به‌ قیبله‌گا؛.

له‌ لایه‌کیتره‌وه‌؛ له‌ هه‌ل و مه‌رجێکدا دامه‌زرا که‌، شه‌ڕه‌کانی گه‌وره‌ی جیهانی بێ ده‌ره‌تانی و بشێوییه‌کی له ‌هه‌موو دونیاو به‌ تایبه‌ت ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێکهێنابوو؛.
کورد له ‌ژێر باری گرانی سیاسی/ ئابووری/ فه‌رهه‌نگی/ سنووریدا، ده‌یناڵاند؛ وه‌ برینه‌ کۆنه‌کانی تێکچونی ئیماره‌ته‌ کوردیه‌کانی بابان و ئه‌رده‌ڵان، شۆرشه‌کانی شێخ عوبه‌یدوڵاو سه‌ید ڕه‌زا، سمکۆ و شێخ مه‌حمود و ....هتد، پێوه‌ دیار بوو؛ هه‌روه‌ها له‌ قۆناخه‌ جۆراو جۆره‌کانی ڕه‌وتی سیاسی ناوچه‌کان و به‌رژه‌وه‌نخوازان و پاوانخوازانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، به‌ په‌یماننامه‌ کورد شکێنه‌ ڕووخێنه‌ره‌کان ده‌یانه‌ویست فه‌رهه‌نگ و زمان و داب و نه‌رێتی میله‌تێک له‌ ناو به‌رن که‌ مێژووی به‌ ناخی سه‌رتاپای ئه‌و هه‌رێمانه‌دا ڕۆچووه‌و بۆ خۆی به‌شێکه ‌له‌ ڕابردووی مرۆڤایه‌تی ئه‌و به‌شه‌ی گۆی زه‌وی.
له‌و بشێوییه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌داو له‌ بۆشایی ده‌سه‌ڵاتدارانی زلهێزدا، خاوه‌ن بیرانی کورد ئه‌و هه‌له‌یان ڕه‌خسان و ده‌رفه‌تیان هێناو توانییان به‌شێکی هه‌رچه‌ند بچوکی کوردستان له‌ ده‌ستی داگیرکه‌ران ڕزگار بکه‌ن و کورد وشیارتر بکه‌نه‌وه‌؛ وه‌ پێناسه‌یه‌کی گرنگی شارستانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ ناوچه‌و جیهان ڕابگه‌یه‌نن‌، و بڵێن ئێمه‌ش هه‌ین و ده‌توانین له‌ ڕیزی میلله‌تاندا خه‌بات بکه‌ین.
له‌ بوارێکیتره‌وه‌ که‌ باسم کرد، ده‌رکه‌وتن‌و ناساندنی به‌شێک له‌ وڵات و ناوچه‌ی کوردستان و شاری مهاباد که ‌بوو به‌ جێگای پێکهێنانی کۆمار، ناوبانگی ده‌رکردو بوو به‌ بێشه‌ی دلێران و کورد په‌روه‌ران، و ئاوازه‌ی گه‌یشته‌ هه‌موو دونیا.

شانازییه‌ به‌وه‌ی که‌ کوردستان هیچ کات چۆڵ نه‌بووه‌ له‌ مرۆڤی به‌ تواناو هیمه‌ت و کورد په‌روه‌ر و هه‌رده‌م به‌ پێی کات و سه‌رده‌می گونجاو خۆی پیشان داوه‌و ده‌نگی به‌رز کردووه‌ته‌وه که، ئێمه‌ش به‌شێکین له‌ کۆمه‌ڵگای جیهان. بۆیه ‌نزیک 2 ساڵ پێش کۆمار، کۆمه‌ڵێک ڕۆشنبیری کورد له‌و به‌شه‌داو له‌و ناوچه‌یه‌دا‌ له ‌ده‌وری یه‌ک کۆ بوونه‌وه‌و دیسانه‌وه‌ ئاگری شۆڕشیان له‌ ژێر ناوی" کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان" به‌رپا کرد. دوای ماوه‌یه‌کی کورت به ‌پێی هه‌ل و مه‌رجی ئه‌وکاتی ناوچه‌که‌، و بۆ وه‌ی ده‌نگی کورد به‌رزتر بێته‌وه‌ و له ‌قاڵبی نهێنی کاریدا بێته‌ده‌ر و چوارچێوه‌و فۆرمێکی باشترو به‌رفراوانتری پێبده‌ن، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی به‌رینی خۆیاندا ئه‌و ناوه‌یان گۆڕی به‌ ناوی" حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و له ‌ژێر ئه‌و ناوه‌دا تێکۆشانی خۆیان به‌رینتر کردوه‌وه‌.
ڕێکخراوێکی سیاسی وه‌ک حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران زۆر زوو خۆی به ‌هه‌موو لایه‌ک ناساندو که‌سایه‌تی به ‌ناوبانگ و کارامه ‌له ‌ده‌وری کۆبوونه‌وه‌و ده‌ستیان به ‌کار کرد. خێرا ده‌رکه‌وت که‌ چه‌نده‌ خه‌مخۆری گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی. به‌کارو چالاکی چڕوپڕ له‌ هه‌ل که‌ڵکی وه‌رگرت و پاش سازماندان و ڕێک و پێککردنی هێزی پێشمه‌رگه‌و سیاسه‌تی دروستی ئه‌وکات، پاش ته‌نیا تێپه‌ڕ بوونی چه‌ن مانگ له‌ ته‌مه‌نی، ‌توانی بۆ یه‌که‌مجار کۆمارێکی کوردی به‌ ناوی کۆماری کوردستان دامه‌زرێنێت و ببێته‌ماڵ و جێگای گشت کوردان. به‌ دوژمنان بسالمێنن که‌ کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌، و ده‌توانێ کارو بارو ئیداره‌ی خۆی به‌ڕێوه‌ به‌رێت و ته‌نانه‌ت، ببێته‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێکی کۆماری دیمۆکراتیک که‌ له‌ چه‌شنی خۆیدا که‌م وێنه‌ بێت.

2ی ڕێبه‌ندانی 1324 هه‌تاوی، کۆماری کوردستان هه‌روه‌ک گوترا به‌ سه‌رکرده‌یی سه‌رۆک کۆمار
جه‌نابی '' قازی محه‌ممه‌د'' له‌ چوار چرای شاری مهاباد ڕاگه‌یه‌ندراو سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کوردی گه‌شانه‌وه. هه‌رچه‌ند به‌ داخه‌وه‌ کۆمار زوو جوانه‌مه‌رگ کرا به‌ ده‌ستی ڕژیمی پاشایه‌تی‌و ناحه‌زان و خائینانی کورد و به‌رژه‌وه‌ندخوازانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه،‌ ڕووخا و‌ به‌شێکی گرنگ و به‌رچاوی تێکۆشه‌ران و ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌و کۆماره‌‌و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان پێشه‌وا، به ‌ده‌ستی ڕژێمی ئه‌و کاتی پاشایه‌تی گیران و ئیعدام کران و له‌ نێو چوون، به‌ڵام دیسان جێگای خۆیه‌تی شانازی بکه‌ین به‌و هه‌موو کاره گه‌وره‌و به ‌جێیانه‌ی که‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ کورته‌دا ئه‌نجام دران؛ ئه‌و ماوه‌ کورته‌ بۆ ئیداره‌و حکومه‌تداری و ڕێکخستنی شیرازه‌ی پچڕاوی ژێرخانی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی کورد ماوه‌یه‌کی یه‌کجار که‌م بوو، به‌ڵام به‌ هه‌مه‌ حاڵ له‌و کورته ‌ماوه‌یه‌دا گه‌لێک کاری به‌رزو پڕ بایه‌خ ئه‌نجام دران که ‌ئیشاره‌ به‌ هندێکیان ده‌که‌ین؛:
* بۆ یه‌که‌مجار له‌مێژووی کوردا ئاڵای کوردستان هه‌ڵکرا،
* قوتابخانه‌کان بۆ گه‌وره‌و بچوک بۆ خوێندنی زمانی کوردی کرانه‌وه‌و به ‌ڕاده‌ی پێویست یارمه‌تی قوتابی و مامۆستا دراو به‌شی زۆری پێداویستیه‌کان و جل و به‌رگی تایبه‌تی بۆ مندالان جێبه‌جێ کران.
* ژنان و لاوان هاتنه‌ مه‌یدان و به‌ یارمه‌تی حکومه‌تی کۆمار چالاکی خۆیان له‌ چه‌ندین بواره‌وه ‌ئه‌نجامداو هه‌ستیان به ‌بوونی خۆیان کرد.
* به‌شی ئابووری، فه‌رهه‌نگی گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌ خۆوه‌ دی.
* هێزی پێشمه‌رگه‌ به شێوه‌ی کارامه‌و دروستی ئه‌و کات دامه‌زران.
* به‌شداری کورده‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌کانی پارچه‌کانیتری کوردستان له‌ کۆماره‌دا، و به‌ تایبه‌ت به‌شداری'' مه‌لامسته‌فا بارزانی نه‌مر''‌، و نه‌خشی گرنگی له‌ گه‌ڵ ئه‌و ‌هێزه‌ گه‌وره‌ی که ‌دواتر بوون به ‌داستانی قاره‌مانی کوردو کۆمار و قه‌ت له‌ یاد ناچن، ده‌ستیان دایه‌ کارو تێکۆشان له‌ کۆماره‌داو خزمه‌تی به‌رچاویان بوو...
وێڕای ئه‌و هه‌موو شانازییانه‌ی که‌ بۆ کوردو به‌ تایبه‌ت بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی ئه‌و حیزبه‌ ماوه‌ته‌وه‌، به‌ خۆشییه‌وه‌ تا ئێستاش دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و کۆماره‌
واته‌ ئه‌و‌ حیزبه‌ خۆشه‌ویسته‌ی کۆمه‌ڵانی کوردستان که‌ هه‌رده‌م درێژه‌ ده‌رو ئاڵا هه‌ڵگری ئه‌و کۆماره‌ بووه‌، تا گۆڕ کرانی ڕژیمی پاشایه‌تی به‌ ده‌ستی پۆڵاینی گالانی ئێران، به‌ ئاشکراو نهێنی چه‌ندین قۆناخی سه‌خت و دژواری تێپه‌ڕاندو له‌ هیچ سه‌ختییه‌ک نه‌کشایه‌وه ‌له‌ خابات تێکۆشان به ‌دژی ئه‌و ڕژیمه‌.
دواترو به‌ هاتنه ‌سه‌رکاری ڕژیمی ئاخوندی، خه‌باتی خۆی ئاشکراترو به‌ر بڵاوتر کردو خواسته‌کانی گه‌لی کوردی له‌و به‌شه‌دا مه‌تره‌ح کرد که‌ به‌ داخه‌وه ‌هه‌ر ئه‌و کات ڕژیمی تازه‌ به ‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئاخوندی به ‌جیهادو کۆمه‌ڵ کوشتن، ڕاونان و ده‌ربه‌ده‌ر کردنی گه‌لی کورد، به ‌بڕیاری نا به ‌جێی ڕێبه‌ری ئه‌و کاتی ئێران، ئایه‌توڵا خۆمه‌ینی و به ‌ده‌ستی ده‌روێشه‌کانی، بوو به‌ هۆی کاره‌ساتی گه‌وره، ‌و حاشایان له‌ دانی ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ کرد. هه‌ر بۆیه ‌حیزب ناچار کرا بۆ پاراستنی خۆی‌و گه‌له‌که‌ی له ‌گه‌ڵ ئه‌و ڕژیمه‌دا به‌ربه‌ره‌کانی بکا، که ‌به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستاکه ‌نزیک به 3‌ ده‌یه‌یه ‌ئه‌و ڕژیمه‌ جوابی گه‌لانی مافخوازی ئێران و به ‌تایبه‌ت گه‌لی کوردی به ‌زه‌برو زه‌نگ و کوشتن و بڕین داوه‌ته‌‌وه‌.
نزیک 30 ساڵه‌ گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێران به‌ ده‌س ئه‌و ڕژیمه‌وه‌ به ‌جۆرها ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌، ئیعتیاد، فه‌قرو نه‌داری، ئیعدام و زیندانی و بێکارو بێ ده‌ره‌تانی، شه‌ڕو ماڵوێرانی، ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی، ڕاونان‌و ڕه‌شه‌ کوژی..... هتد، زه‌بری لێکه‌وتووه‌و بڕستی بڕاوه‌.
دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه، ‌له ‌گۆشاری بێ به‌زه‌ییانه‌ی ئه‌و ڕژیمه،‌ گه‌لانی ئێران وه ‌هاوارو زاڵه‌ هاتوون‌و له ‌ناوه‌وه‌و له ‌ده‌ره‌وه ‌به ‌پشتیوانی ئازادیخوازانی جیهان، دژ به ‌ڕژیم ‌به ‌ده‌نگی ناره‌زایی‌و دروشم، ئاخونده ‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان خستوه‌ته په‌له‌ قاژه؛ ‌وه‌ له ‌لایه‌کیتره‌وه‌ فکری چه‌په‌ڵ‌و دژی مرۆڤی و داگیرکارانه، ‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ کارو باری وڵاتانی ناوچه‌و، ئاژاوه ‌نانه‌وه‌‌و به ‌‌خێو کردنی گروپه ‌ئیفراتییه‌کان به‌ سه‌ر‌وه‌ت ‌و سامانی وڵات و گه‌لانی ئێران، و ئه‌مڕۆ له ‌هه‌مووی گرنگتر له‌ سایه‌ی سه‌ری ئه‌حمه‌دی نژادی پاسدارو تیروریستی کورد کوژ، به ‌هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی، که‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیتره‌ بۆ سه‌ر هه‌موو دونیا، ڕژیم له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه ‌وا خه‌ریکه‌ گه‌مارۆ ده‌درێ و ڕۆژ به ‌دوای ڕۆژ له ‌مه‌رگی خۆی نزیکتر ده‌بێته‌وه‌.*

ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومه‌تی ئاخوندی وا دیاره‌ هێشتا له ‌گوێی گا خه‌وتوون و بێ خه‌به‌ر له‌وه‌ی که ده‌نگی زرم و کوت لێیان نزیک بووه‌ته‌وه‌، و ‌ئه‌مڕۆ ئیتر گلۆبالیزمی جیهانی هه‌موو ڕه‌وته‌کانی خێراتر کردوون و دونیای کردووه‌ته ‌ماڵێکی بچوکی شیشه‌یی که ‌زۆر به ‌ئاسانی مرۆڤه‌کان له‌ دورو نزیکه‌وه ‌به‌ ئاگا له‌ هه‌موو پێشهاته‌کان، به ‌فێربوون و تێگه‌یشتن له ‌ڕه‌وت‌و ڕووداوه ‌گرنگه‌کان، له‌ هه‌موو قوژبنێکی ئه‌م که‌ونه‌و ته‌نانه‌ت ئاسمانه‌کانیش به‌ خه‌برن‌و چیتر گۆڵی فڕو فیشاڵی درۆ و قه‌وڵ و به‌ڵێنی سه‌رخه‌رمان ناخۆن، و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش خرابتر که ‌ڕژیم ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لانی ئێران و به ‌تایبه‌ت گه‌لی کورد ده‌یکات وه‌ک؛ بڕینی گازو نه‌وت له‌ کوردستان و هێشتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له ‌سه‌رمای سه‌ختی ئه‌مساڵدا و ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وت و گاز له ‌لایه‌ن مزدورانی ڕژیمه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هێزی وڵاتپارێزی و خۆشه‌ویستی ژیان له ‌خه‌ڵک سه‌لب بکات، خه‌یاڵی خاوه‌، ئیتر گه‌لی ئێمه زۆر له‌وه‌ به ‌تواناترن که ‌به‌ چۆکدا بێن له ‌ئاست گۆشاره‌کان‌ خه‌ڵک خوێندنه‌وه‌ی خۆیان له ‌هه‌موو بواره‌کانه‌وه ‌هه‌یه‌و ده‌زانن که‌ چاره‌نوسی ڕژیم له ‌چاره‌ نوسی به‌عسی ڕووخاو نزیک بووه‌ته‌وه‌و له‌و باشتر نابێت. ‌
لێره‌دا، نمونه‌ی ڕژیمی فاشیستی به‌عس له‌ عێراقدا باس ده‌که‌ین که‌ چۆن لوتیان شکاندو له‌ گۆریان نا و گه‌لانی عێراق و یه‌ک له‌وان گه‌لی کورد که‌ ئازارێکی زۆر گه‌وره‌و گرانیان به ‌ده‌ستی ئه‌و ڕژیمه‌وه‌ بینی له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا ئه‌و دام ده‌زگا داپڵۆسێنه‌رانه‌‌ تێک و پێک بده‌ن.
به‌ خۆشیه‌وه‌ خوێنی شه‌هیدانی کورد له‌و به‌شه‌دا زوتر هاته ‌به‌رهه‌م و کورد توانی به ‌خه‌باتی بێوچانی خۆیان ئه‌و به‌شه ‌له‌ کوردستان ئازاد بکه‌ن و بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی کوردا حکومه‌تێکی ناوچه‌یی له‌و چه‌شنه ‌دامه‌زرێنن که‌ تا ئێستا بۆ 17 ساڵ ئه‌چێت کورد به‌ ئاڵای کوردستان و به ‌ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رده‌میانه‌ و سیستمێکی دیمۆکراتییانه ‌له‌ گه‌ڵ دانیشتوانی کوردستان ده‌جۆڵێته‌وه، ‌که ‌سه‌ره‌ڕای ده‌یان و بگره ‌سه‌دان که‌ندو کۆسپ و گوشاری ناوچه‌یی و جیهانی توانیویه‌تی له ‌ئاستێکی زۆر به‌رزدا ده‌سه‌ڵاتی پارلمانی و ئیداری و هه‌موو کاره‌کانی خۆ ده‌سه‌ڵاتی به‌ شێوه‌یه‌کی جیهانپه‌سه‌ندی وڵاتانی دیمۆکراتیک به‌ڕێوه‌ به‌رێت و ببێته ‌نموونه و سه‌رچاوه ‌‌نه ‌ته‌نیا بۆ پارچه‌کانیتری کوردستان، به‌ڵکوو بۆ ناوچه‌که‌ش ‌به ‌گشتی.
هه‌ر لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی وه‌ک هه‌موو جاران ڕامانگه‌یاندووه‌، تا بۆمان بکرێت به ‌هه‌ر قیمه‌تێک بوو بێت پارێزگاری‌و پشتیوانی خۆمان له‌و به‌شه ‌ئازاد کراوه‌ی کوردستانی باشور ده‌ر ببڕین‌و هاوکاری زیاتریان بکه‌ن، که ‌بۆ خۆی نمونه‌و ئه‌زمونێکی گه‌وره‌یه ‌بۆ به‌شه‌کانیتری کوردستان و ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌کان.

له‌ کۆتایی‌دا ده‌بێ بڵێم؛ گه‌لی کوردو حیزبی ئێمه‌ش که ‌به‌رده‌وام له‌ کارو چالاکی ڕانه‌وه‌ستاوه‌و دوای تێپه‌ڕاندنی 61 ساڵ خه‌باتی دوای کۆمار هه‌روا قایم و بته‌و له‌و پێناوه‌داو له ‌پێناوی سه‌ربه‌رزی گه‌له‌که‌یدا له‌ سه‌دان کۆسپ و ته‌گه‌ره‌، هه‌ورازو نشێو، و زه‌بری دڵهه‌ژێن و به ‌هه‌زاران ڕۆڵه‌ی قاره‌مانی به‌ ده‌ستی دوژمنان له ‌ده‌ستداوه‌ که ‌له ‌نێویاندا ڕێبه‌رانی شه‌هید: " قازی، قاسملوو، شه‌ره‌فکه‌ندی، وه‌ک پرشنگدارترین ئه‌ستێره‌ی نێو ئاسمانی کوردو کوردستان که‌ تا کورد ماوه‌ شانازییان پێوه‌ده‌که‌ن و ده‌دره‌وشێنه‌وه‌، خه‌بات ده‌کات و تا وه‌دیهێنانی هه‌موو ئامه‌نجه‌کانی ساتێک له‌ تێکۆشان هه‌دا نادا. حیزبێک که‌ هه‌ڵقوڵاوی زه‌روره‌ته‌کانی مێژوویی کورد بێت و پێویستی گه‌ل دروستی کردبێت، بێگومان تا گه‌ل مابێت ده‌مێنێت، تا خاوه‌نی ئه‌و سه‌رکرده‌ مه‌زنانه‌ بن، تا لوتکه‌ی سه‌رکه‌وتن بێ وچان، به ‌پشتیوانی کۆمه‌ڵانی خه‌لکی کوردستان، بۆ ئامانجی گشت شه‌هیدان له ‌تێکۆشان و خه‌بات ڕا ناوه‌ستێت.

* بژی گه‌لی کورد، بژی ئازادی و سه‌رفرازی.
* به‌رزو به‌ڕێز بێت یادی کۆمارو گشت شه‌هیدانی ڕێگای کوردو کوردستان.
* پڕ ڕێبوار بێت ڕێگای کۆمار و شه‌هیدان.
* بژی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ئێران.
* بڕووخێ ڕژیمی دژی گه‌لئ کۆماری ئاخوندی.

بۆ ڕێبه‌ندانی 1385 هه‌تاوی.


geovisit();

0 Comments:

Post a Comment

<< Home